تقارير ومطولات

چۆن شۆڕش دەبێتە ئیلهامبەخشی خورماتوو هیوایەک بۆ بۆ بەرگرتن لە کەمبونەوەی سەرچاوە پاکەکانی ئاوی خواردنەوە

 نیگار عومەر

 

 (ژیان) لەڕێێ دوبارە بەکارهێنانەوە و پاڵاوتنی ئاوی زێراب و ڕێگریکردن لە تێکەڵبونی ئاوی زێراب بەسەرچاوەکانی تری ئاو، بۆتە هەوڵێکی خۆجێی ناحیەی شۆڕش بۆ بەرگرتن لە کەمبونەوەی سەرچاوە پاکەکانی ئاوخواردنەوە لە سەرتاسەری عیراقدا. قەزای چەمچەماڵ، بەتایبەت ناحیەی شۆڕش-ی سەر بەپارێزگای سلێمانی بۆخۆی گرفتی کەم ئاوی هەیە و دانیشتوانەکەی چەندین جار بەهۆی کەمئاویەوە کە هەفتەی یەک ڕۆژ یان کەمێک زیاتر لەوە ئاوی خواردنەوەیان بەسەردا دابەشدەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە گردبونەوەیان کردووە. ناحیەکە ڕۆژانە پێویستی 60 هەزار لیتر ئاو هەیە، بەڵام لە ڕۆژێکدا 17 هەزار لیتر ئاوی پێ دەگات لە بەنداوی دوکانەوە، زیاد جاندار بەڕێوبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ وای وت. ئەو پرۆژەیەی(پاکردنەوەی ئاو)ی دەزگای ژیان لەساڵی 2019وە دروستکراوە کە ئاوی زێراب پاکیدەکاتەوە و بۆ کارەکانی نێو سەنتەری ڕێکخراوی ژیان کە چارەسەری دەروونی تێدا پێشکەشدەکرێت بۆ خەڵکی ناوچەکە. 

 

هێرۆ ئەحمەد، کارمەندی دەزگای ژیان لە قەزای چەمچەماڵ و چارەسەرکاری دەروونی کە دە ساڵە لەگەڵ ڕێکخراوی ژیان فاوەندەیشندا کاردەکات باس لەو پرۆژەیە دەکات،” ئێمە لەساڵی 2019 سەنتەرێکی چارەسەرکاریی دەروونیمان کردەوە لەقەزای چەمچەماڵدا بیرمان لەوەکردوە کە چۆن ئاو بۆ کارەکانی نێو ئەم سەنتەر دابینبکەین و ڕێگری بکەین لەوەی کە ئاوی زێرابی سنورەکە تێکەڵ بە سەرچاوی ئاوی خواردنەوە بێت. ژیان فاوندەیشن ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە قەزای چەمچەماڵ بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکات، لە ساڵی 2010ەوە لە قەزای چەمچەماڵ دەستی بەکارەکانی کردوە، لەبوارەکانی یاسایی، دەروونی، پزیشکیی، کۆمەڵایەتیی و هۆشیاریی خزمەت گوزاریەکانی پێشکەش بە خەڵک دەکات. عبدول موتەلیب ڕەفعەت، پسپۆری ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، “ئێستا کۆى ئاوى نێو بەنداوەکانى عیراق لە ١٠ ملیار م٣ کەمترە. لە کاتێکدا، لە ٢٠١٩دا زیاتر لە ٧٠ ملیار م٣ ئاو خەزنکراوو هەبووە، لە مێژووى عیراق ئەمە یەکەمجارە ئاستى ئاو بەو شێوەیە داببەزێت، هاوکات یەکێک لەو ناوچانەی بەدەستی کەمئاوییەوە دەناڵێنن قەزای خورماتوو سەر بەپارێزگای سەڵاحەدینە. 

 

سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە لەمەشروعێک پێکدێت کە لە بەنداوی دوکانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەشێوەیەکی سەر کراوە ڕاکێشدراوە بۆ نێو قەزاکە و بەدرێژای ئەو ماوەی کە تێدەپەڕێت پاشماوەی ماڵان و ئاوی زێرابی تێدەچێت بەوتەی شارەزایانی ئاو لەقەزاکە شیاوی خواردنەوە نییە. قەزای خورماتوو سەر بەپارێزگای سەڵاحەدینە کە هاوسنورە لەگەڵ پارێزگای کەرکوک ژمارەی دانیشوانەکەی زیاتر لە 200 هەزار خەڵک دەبێت تەنها سەرچاوەی ئاوی خاوردنەوە قەزاکە ئەو پرۆژەیەی ئاوەیە کە بۆی ڕاکێشراوە. قەزای خورماتوو دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای چەمچەماڵەوە و (٧٩) کیلۆمەتر لەو شارەوە دوورە. ئاو ئاوەدانی دروستدەکات و لە هەرچ جێگەیەک ئاوی لێ بوبێت، خەڵک کۆچیان بۆکردووە و ژیانی خۆیان لەنزیک سەرچاوە ئاویەکان درێژە پێداوە، بۆیە ئێستا دانیشتوانیی خورماتووش بەدوای زامنکردنی بەشە ئاوی پاکیی خۆیاندا دەگەڕێن. ئاو و ئاوەدانی جگە لەو سودە ژینگەییەی پڕۆژەکە کە پاڵاوتنی ئاوی زێرابە و تێکەڵ نابێت بەسەرچاوەی ئاوی پاک، چەند سودێکی دیکەی هەیە وەک کشتوکاڵ کردن و ئاژەڵداری . 

 

پرۆژەکە پاڵاوتن و پاککردنەوەی ئاوی زێرابە و گۆڕینی ڕێڕەی ئاوی زێرابە بۆ نێو سەنتەرەکە و دواتر لەڕێگەی شەش فلتەرەوە ئاوەکە پاکدەکرێتەوە کە ڕۆژانە زیاتر لە 15هەزار لیتر ئاو دەپاڵێوێت. هێرۆ دەڵێت، “ئەو پرۆژەیە لەڕێگەی کۆمەڵێ ئامێر و ڕێگەی دەستکرد کەهەمو کارەکانی لەلایەن خۆمانەوە کراوە بەجێ گەیەندراوە؛ ئاوەکە پاکدەکەینەوە دواتر بەکاری دێنینەوە، سودی پرۆژەکە ئەوەیە ڕێگری دەکەین لە پیسبونی ئاوی خواردنە و بەکارنەهێنانی ئاوی پاک بۆ کارەکانمان”. هێرۆ دانیشتوی ناحیەی شۆڕشە و لەگەڵ ئازار و مەینەتێکیەکانی ڕزگاربوانی شاڵاوێ ئەنفالدا گەورەبوە، بۆیە هەوڵدەدات پارێزگاری لە ژینگە بکات و بیخاتە خزمەتی ژنان و منداڵان و خەڵکەوە. ” ئامانجمان پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و دروستکردنی ژینگەیەکی جوانە تا چارەسەریی دەروونی تیادا بکەین،” هێرۆ وا دەڵێت. لە نێو سەنتەرەکەدا، هەوڵیان داوە کە ئەو ژیانە سروشتییەی پێشتر خەڵکی گوندەکان تێیدا دەژیان هاوشێوەی ئەو سروشتە بەکار بێنین بۆ چارەسەر. “باخچەیەکی فراوانمان دروستکردوە کە میوە جۆراو جۆری تێدایە بە ڕێگەی ئاودێریی زانستی ئاوی دەدەین؛ ئاژەڵی جۆراو جۆر بەخێو دەکەین؛ جگە لەوەی خانوی قوڕمان دروستکردوە و چارەسەرەکانی تێدا ئەنجامدەدەین، ئەو کەسانەی کە دێن و سەردانمان دەکەن تێکەڵی سروشتیان دەکەینەوە ،” هێرۆ وای ووت. بەشی زۆری کێشەکەی خورماتوو لە شوینێکی ترەوە دەست پێدەکات؛ نەبیل موسا چالاکوانی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو وتی،” ئاوی قەزای خورماتو کە لەدوکانەوە دێت لێرەوە هەرچی زێرابی سلێمانیە تێکەڵی دەبێت و تا دەگاتە ئەو شوێنەش لە چەندین شوێنی دیکەش بەهەمان شێوە ئاوی زێراب تێکەڵی دەبێت ئەم ئاوە مەترسیە بۆ تەندروستی چەندین گرفت دروست دەکات، دەتوانرێت لەڕێی دانانی پاڵاوگەی پاکردنەوەی ئاو یان لە جێگەی مەشروعی سەرکراوە بە بۆڕی ڕابکێشرێت بۆ ڕزگاربوون لە زبڵ و خاشاک و زێرابی ماڵان “. بەکر نەجمەدین شارەزای ئاو و خاوەنی دوکانی وەرشەی دانای فلتەر بۆ ماڵان دانیشتوی قەزای خورماتو وتی،” ڕێژەی پیس بون لەئاوی خورماتودا لەم ڕۆژانەی کە فحسم بۆ کردوە زیاتر بوە لە (700TDS)، ئەم ڕێژەیە لەئاوی ئاسایدا دەبێت 40 لەسەد بێت بەڵام هەندێ کات ئەم ڕێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ (TDS1300). (TDS) ) ڕێژەی پیسبونە لە ئاودا. بە ووەتەی ئەو خاوەنکارە، “جاری وایە ئاوەکە ئەوندە پیسدەبێت کرمی تێدایە و لەئامێرەکانەوە دەردەچێت و بە ئامێر دەیبینین. زۆر جار پیسی نێو ئاوەکە بە جیهازی فلتەریش پاک نابێتەوە پێویستی بەوەیە پاڵاوگەی ئاوی بۆ دابنرێت و پاک بکرێتەوە بەڵام دیارە حکومەت خەمی خەڵکی نیە و نایکات”. نەبیل موسا ئەوەشی وت،” ئەو مەوادانەی کە لەئاوی زێرابدایە نەک زیانی بۆ مرۆف هەیە بەڵکو کشتوکاڵ دەسوتێنێت و ماسی لەناو دەبات و خاک دەسوتێنێت، دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە ئاوی زێراب پاکبکرێتەوە، خەڵکی بەتوانامان هەیە دەتوانێ هەر لەکوردستان بەئامێری ناوخۆ گەورەترین پرۆژە دروست بکریت بۆپاک کردنەوەی ئاوی زێراب و ڕزگارکردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەمان، تێچوی ئەم کارانە هەر بەقەد ئوتێلێکی پێنج ئەستێرەیی تێدەچێت.” 

 

پرۆژەکەی ناحیەی شۆڕش لەلایەن ئەڵمانیاوە کۆمەکی دارایی کراوە و تێچوی پرۆژەکە نزیکەی (١٥٠) هەزار دۆلار دەبێت. هاوڕێ ڕەسۆڵ بەڕێوبەری دەزگای ژیان لەچەمچەماڵ وتی،” ئەم پرۆژەیە کە بۆ سەنتەرێکی چارەسەری دەرونی دروست کراوە لە مانگێکدا نزیکەی 3هەزار خەڵک دێت و سەردانمان دەکات و چارەسەری دەرونی وەردەگرن کە چەند خزمەت گوزاریەکی دیکەشمان هەیە هاوڵاتی سنورەکە سودی لێ دەبینێت”. وتیشی،” بەزۆری ئەو کەسانەی کە دێت سەردانمان دەکەن ژن و منداڵن بۆیە ئێمە لە ڕێگەی ژینگەوە هەم خزمەت بەژینگە دەکەین وە سودی لێ دەبینین بۆ چارەسەری دەرونی”. عبدل موتەلیب ڕەفعەت وتی،” پرۆژەی پاڵاوتنی ئاو لە جیهاندا گرنگی پێدەدرێت؛ دەتوانرێت سودی لێ ببینێرت بۆ پیشەسازی، بیناسازی، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، چونکە ساڵانە 70 لە سەدی ئاوی جیهان بۆ کشتوکاڵ دەچێت؛ ئەگەر سود لەئاوی زێراب وەربگرین، پاشەکەوتێ ئاوی خواردنەوە دەکرێت. پرۆژەکەی چەمچەماڵیش هەیە وادەکات هاوکاربێت کە ئاوی خواردنەوە بەکار نەهێنرێت بۆ کاری تر”. ئەگەر چی بەڕێوبەری ئاوی قەزای خورماتو سەرچاوەی ئاوەکەیان بە شیاو ناو دەبات بەڵام نۆکۆڵی لەوە ناکات کە خاشاک و زێرابی تێ دەچێت ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوبەری ئاوی قەزای خورماتو وتی،” ئێمە دەزانین سەرچاوەی ئاوەکەمان خەڵک خاشاکی تێ فڕێ دەدات بەڵام چەندین جار داوامان کردوە کە ڕێگەی دیکە بەکاربێنین بۆ ئەوەی ئاوێکی شیاوتر بۆ دانیشتوانی قەزاکە دابین بکەین بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە”. وتیشی،” جێگەی خەزانێکی ئاوی کۆنمان هەیە، دەتوانرێت ئەوە چاک بکرێتەوە و ئامێری پاڵاوتنی بۆ دابینبکەین بۆ ئەو مەبەستە داوا لەسەری خۆمان دەکەین هاوکارمان بن” نازەنین محمد چالاکوانی ژنان لە قەزای خورماتو وتی،” زۆر جار دەڕۆین سەردانی پزیشک دەکەین پێمان دەڵێن هۆکاری زۆری هەوکردن و نەخۆشیەکانی گورجیلە و میزڵدان بەهۆی ئاوی پیسەوەیە، بەهەمان شێوەش کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە، بەڵام لایەنی ئیداری قەزاکە بەدەنگی ئەم گرفتە نەهاتون بە بابەتێکی سەرەکی نازانن”. وتیشی،” پێویستە هۆشیاری زیاتر بڵاو بکەینەوە لەسەر ئەم بابەتە چونکە ئەمە پەیوەندی بەژیانی هەمومانەوە هەیە وە حکومەت هەوڵ بدات خەزانی پاڵاوتن دروستبکات”.

 

 جگە لەوەی ئاوی خورماتوو بۆ خواردنەوە شیاو نییە، بەڵام مەترسی نەمانی لەسەرە. پڕۆژەیەک و زیاتر لە ئامانجێک پرۆژەکەی ناحیەی شۆڕش مانگانە زیاتر لە سێ هەزار کەسێک سودی ڕاستەوخو ونا ڕاستەوخۆی لێ دەبینێت. ئەو کەسانەی سەردانی سەنتەری چارەسەری دەرونی دەکەن بە شوێنێکی بەسوود، دڵڕفێن و جوان ناوی دەبەن. لەیلا محمد، کە سەنتەرەکە چارەسەر وەردەگرێت وتی،”سەنتەرە کە بوەتە شوێنێکی ئارام بۆ خەڵکەکە؛ ئەو کاتانەی سەردانی ئەوێ دەکەین وادەزانین بەهەشتە هەرچی خەم و کێشەمان هەیە بیرماندەچێتەوە؛ تێکەڵی سروشتی جوانی ئەو شوێنە دەبین و باخەکان خزمەت دەکەین و میوەو بەرهەمەکانیش دەخۆین.” هاوکات، بەڕێوبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ پرۆژەکە بەپرۆژەیەکی “سەرکەوتوو و گرنگ” ناوی دەبات کە خزمەت بە ژینگە دەکات. زیاد جاندار، بەڕێوەبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ وتی،” ئەو پرۆژەیە سەرکەوتوو و گرنگەو خزمەتی بە سەرچاوەکانی ئاوی سنورەکەی کردوە، چونکە چەمچەماڵ خۆی بە بەردەوامی گرفتی کەم ئاوی هەیە “. وتیشی،” ڕۆژانە قەزای چەمچەماڵ پێویستی بە 50بۆ 60 هەزار لیتر ئاو هەیە، بەڵام ڕۆژانە 17 هەزار لیتر ئاومان پێدەگات؛ ناتوانین وەک پێویست ئاو دابەشبکەین، بۆیە پڕۆژەی لەو شێوازە پێویستە زیاتر بایەخی پێ بدرێت “. 

 

نەبیل موسا دەڵێت، ئەو جۆرە کارانە وەک هەوا پێویستن. ” کاتێک ئاوی خواردنەوە بەکار دێنیت بۆ کشتوکاڵ گرفتی کەمئاوی دروست دەکات”. گرفت لە کوێدایە سەرەڕای “سوود و گرنگی پڕۆژەکە”، بەربەستەکانی بەردەم پرۆژەی (پاکردنەوەی ئاو)ی ناحیەی شۆڕش لە چەند روویەکەوەیە. هێرۆ باسی گرفتەکانی پرۆژەکە دەکات و وتی ،”لەکاتی باراناودا کە ڕێژەی ئاو زیاد دەبێت زەختێک دەکەوێتە سەر فلتەرکان بۆ پاک کردنەوەی ئاوەکە بۆیە ناچار دەبین لەو ڕۆژانەدا کار بە ئامێرەکانی پاکردنەوەی ئاوەکە ناکەین وە کێشەیەکی دیکەی ئەوەی کە هەموو خەڵک حەز بەکارکردن ناکات لەم پرۆژەدا ڕەنگە هۆکاری بۆنی ئاوەکە بێت تا ئێستاش لای خۆمان خەڵک ئەوە قبوڵ ناکات کە ئاوی زێراب بەکاربێنێتەوە”. عەبدول موتەلیب ڕەفعت وتی، “دەبێت ڕێژەی مادەی زیانی بەخشی ناو ئاوەکە زۆر کەم بکرێتەوە گەر کەمنەکرێتەوە لە ڕێگەی رووەک یان ئاژەڵەوە دەگوزرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەبێتە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە.” هاوکات بۆنی ئاوەکە کێشەیەکی ترە، بەکر نەجمەدین، شارەزای بواری ئاو،” گەورەترین کێشەی ئاوی زێراب بۆنی ئەو ئاوەیە کە لەهەر شوێنێک بێت بۆنێکی ناخۆشی هەیە و ئەمەش مەترسی نەحۆشی بۆ ئەو کەسانە دروست دەکات کە کاری لێ دەکەن یان نزیکی بن”. ئەوەشی وت،” لەکاتی باراناودا ڕێژەی ئاوەکە زۆر دەبێت و هەندێ کات دەمی فلتەرەکان دەگرێت و ئەمەش ڕێگری دەکات لەوەی ئاوەکە بەباشی پاک بێتەوە بۆیە دەبێت لەو کاتەدا زو زو فلتەرەکان پاک بکرێتەوە”. هێرۆ وتی،”ئەم پرۆژەیە لەلایەن خەڵکی شارەزاو پسپۆری بوارەکەوە دروست کراوە و هەوڵمان داوە گرفتی بۆنی ناخۆشی ئاوەکە چارەسەربکەین بەتێکردنی کلۆر و ڕێگەی داخراوی بۆ بەکار بێن تا دەگاتە نێو فلتەرەکان دواتر پاکی بکەینەوە، وە کارمەندی تایبەتمان داناوە تا هەرچ کات پێویستی بەپاک کردنەوە بوو فلتەرەکان بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە ڕێگە نەدەین هیچ موادێکی زیان بەخش بە فلتەرکاندا تێپەڕێ”. هێرۆ ئەوەشی وت، ئامانجیان خزمەتکردنی مرۆڤایەتیە لەهەرچ شوێنێک بێت، بۆیە ئەم پێشنیازە دەخەینە ڕو بۆ دەزگای ژیان تا بتوانین هاوشێوەی پرۆژەی (پاکردنەوەی ئاو)ی ناحیەی شۆڕش لە ناوچەکانی دیکەش جێبەجێ بکەن. شوێنی تر زۆرن لە عێراق کە پێویستییان بە پڕۆژەی لەو شێوەیەیە، بەڵام پێدەچێت خورماتوو یەکێک بێت لە کاندیدە شایستەکان.

 

ئەم ڕاپۆرتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (اصواتنا) کە لەلایەن ڕێکخراوی ئینتەرنیوزەوە جێبەجێ دەکرێت، بەرهەم هاتووە.

اظهر المزيد

مقالات ذات صلة

زر الذهاب إلى الأعلى